منبع اطلاعاتی مفید
مقالات ، ادبیات ، عکس ، آموزشهای زناشویی ، موارد جنسی و............
نوشته شده در تاریخ دوشنبه 26 اردیبهشت 1390 توسط . کردستانی | نظرات ()
خاتوون بێده‌نگ بوو، پاشان گوتی: «وا دیاره‌ زۆر قسه‌ ده‌كه‌م. به‌ڵام كاتێ بیره‌وه‌رییه‌كانی نینام دێته‌وه‌ یاد، وه‌كوو په‌رده‌ی سینه‌ما هه‌تا كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڕوا؛ بێ‌ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك ڕاوه‌ستانی هه‌بێ. ماندووت ده‌كه‌م لاوه‌ گیان.»
گوتم: «بیره‌وه‌رییه‌كانی نینا سه‌رنجی منیشی ڕاكێشاوه‌. دوایه‌ چی ڕووی‌دا؟»
خاتوون گوتی: « بۆ حه‌وتووی دواتر، دیوه‌كه‌ هه‌م قه‌ره‌وێڵه‌ی لێ‌بوو، هه‌م مێزێكی چكۆله‌ به‌ دوو چوارپایه‌وه‌، قه‌فه‌سه‌یه‌كی چكۆله‌ و سه‌نده‌ڵییه‌كی ڕاحه‌تی بۆ نینا. هه‌وا سارد ببوو. له‌په‌نای دیواره‌كه‌ كووره‌یان دانابوو كه‌ قۆڵه‌كه‌ی له‌ په‌نجێره‌وه‌ ده‌چووه‌ ده‌رێ. شه‌وانه‌ له‌به‌ر ڕووناكایی له‌نته‌ر، نینا له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌ ڕاحه‌تییه‌كه‌ی، كه‌تانه‌ ڕووسیه‌كانی گوڵ‌دۆزی و ژماره‌دۆزی ده‌كرد. میلاش له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ ڕاده‌كشا و كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌كۆخی، و نیناش چایی و شه‌ربه‌تی سولكامفێری بۆ ده‌هێنا كه‌ بۆ سنگ ده‌بوو و ئه‌وكات تازه‌ هاتبوو، شه‌وانه‌ خاولیی گه‌رمی له‌سه‌ر سنگی داده‌نا. له‌ سه‌ره‌تای پاییزه‌وه‌ كه‌ تازه‌ هاتبوون، دوو مانگ تێپه‌ڕیبوو. پاییز خه‌ریك‌بوو ماڵئاوایی ده‌كرد. كه‌تانه‌ ڕووسیه‌كانی نینا ته‌واو ببوون. سێ‌دانه‌ ڕوومێزی خڕ به‌ گوڵه‌باغ و وه‌نه‌وشه‌وه‌، چه‌ند ده‌سماڵی چكۆله‌ به‌ گوڵی یاسه‌وه‌، شه‌ش‌دانه‌ گوڵدۆزی‌كراو به‌ گوڵی پێنج‌په‌ڕی په‌مه‌یییه‌وه‌ بۆ پاڵ ده‌وری، چه‌ند ده‌سماڵی چكۆله‌ كه‌ پیتی یه‌كه‌می ناوی نینا و میلای له‌سه‌ر گوڵ‌دۆزی كرابوو، و چه‌ند دانه‌ش ژماره‌دۆزی‌كراو. ئیتر كه‌تانێك نه‌مابۆوه‌. نینا گوتی: «میلا، كارێ بكه‌. جاڕز بووم.» نینا له‌به‌ر وه‌ڕه‌زی له‌سه‌ر كڵاوی گوڵینگداری فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كان گوڵدۆزی ده‌كرد، هه‌تا ئه‌وه‌ی میلا نۆبه‌تێی گرت. هه‌ركارێك ژنه‌كان ده‌یانزانی كردیان، ته‌نانه‌ت دێهاتییه‌كانیش هاتن نۆشادریان سووتاند. هیچی پێ‌نه‌كرد. میلا هه‌ناسه‌ی ده‌رنه‌ده‌هات. خژه‌خژ و كۆخه‌ و یاوه‌كه‌ی زۆرتر بوو. ده‌بوو بیبه‌ن بۆ شار.»
پرسیم: «بۆ كوێ؟»
خاتوون گوتی: «تاران.»
پرسیم: «به‌ هاتوچۆی ئه‌وكاته‌ هه‌تا ده‌گه‌یشتێ ده‌مرد.»
خاتوون گوتی: «گوێت لێ‌بێ لاوه‌گیان. به‌ ماشینێك كه‌ ژن و مێردێكی جه‌حێڵی هێنابوو، هاتن بۆ تاران. ناكرێ بڵێین ماشێن؛ كامیۆن بوو. چه‌ند ڕۆژیش له‌ به‌رزایی و كه‌له‌كان مابوونه‌وه‌. نینا گوتی: «میلا؛ ده‌ڕۆین و ناگه‌ڕێینه‌وه‌. یانی من كه‌ ئیدی ناگه‌ڕێمه‌وه‌.» ده‌وری و په‌رداخ و یه‌غدانه‌كه‌ی دا به‌ ژنه‌ جیرانه‌كانی. قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی دا به‌ ژن و مێرده‌كه‌. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كان، گوڵدۆزییه‌كان و چه‌ند كه‌رسته‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌ڵگرت و خستنیه‌ چه‌مه‌دانێكه‌وه‌. میلایان خسته‌ نێو ماشێن. مه‌نقه‌ڵیان له‌ژێر لاقیدا هه‌ڵكرد هه‌تا گه‌رمی بێته‌وه‌. نینا لای په‌نجێره‌كه‌ دانیشت. شۆفیره‌كه‌ ماشێنی هه‌ڵكرد. نینا سه‌ری له‌ په‌نجێره‌كه‌وه‌ ده‌رهێنا و ده‌ستی بۆ ژنه‌ دراوسێكانی هه‌ڵته‌كاند. منداڵان كه‌وتنه‌ دوای ماشێن و مریشك و كه‌ڵه‌باب و قه‌ل و مراوی به‌م‌لاولادا هه‌ڵاتن و كه‌وتنه‌ باڵه‌پڕژه‌. هه‌تا میانه‌ ڕێگا خراپ نه‌بوو. زۆر تووشی ناڕه‌حه‌تی نه‌بوون. به‌ڵام میلا یاوی هه‌بوو. نینا له‌په‌ستا سه‌روچاوی میلای به‌ خاولی ته‌ڕ ده‌كرد و قژی دادێنا. ده‌سته‌ گه‌رمه‌كانی میلای به‌ ڕوومه‌تییه‌وه‌ ده‌نا هه‌تا فێنك ببنه‌وه‌. له‌په‌ستا پرسیاری ده‌كرد: "باشی میلا؟ باشی میلا؟" دوایه‌ ڕوومه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی به‌ په‌نجێره‌ی سه‌هۆڵ‌گرتووی ماشێنه‌كه‌وه‌ ده‌نا. میانه‌ دوكتۆری نه‌بوو. هه‌تا ته‌ورێز به‌فر وه‌ك سه‌لكه‌چۆكه‌ ده‌باری. هه‌تا بگه‌نه‌ ئه‌وێ، ڕۆژێك له‌ ڕێگا مابوونه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌تا نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ نینۆكه‌كانی میلا خه‌ریك بوو، هه‌موویانی كرد. گۆشتی ده‌وروبه‌ری نینۆكه‌كانی هه‌ڵكه‌ند. قامكه‌كانی ده‌ستی شێلا. به‌ قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر نینۆكه‌كان چاو و برۆی كێشاوه‌. میلا پێكه‌نی. نینا گوتی: "باشتری میلا؟" میلا گوتی: "باشم؟" دوكتۆره‌كانی ته‌ورێز گوتیان باشترین شوێن، نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕه‌وییه‌ له‌ تاران. گوتی ده‌یبه‌م و به‌ڕێ‌ كه‌وتنه‌وه‌، هه‌تا زه‌نجان. له‌سه‌ر مه‌نقه‌ڵی چایی لێ‌ ده‌نا. له‌په‌ستا ماڵئاوایی شۆفیره‌كه‌ی ده‌كرد.
پرسیم: "خاتوون، میلا مرد؟ حه‌تمه‌نه‌ نیناش مرد.»
گوتی: «په‌له‌ مه‌كه‌. ڕوون نییه‌. ده‌ته‌وێ دیسانه‌كه‌ قاوه‌ت بۆ دروس بكه‌م؟ پێت‌خۆشه‌ یه‌كشه‌ممه‌یه‌كی دیكه‌ پاشماوه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌؟»
گوتم: «په‌له‌ ناكه‌م، خاتوون. بڕێك سه‌رمامه‌. ئێمه‌ش له‌ به‌فرا گیرمان كردووه‌. ده‌خۆمه‌وه‌ خاتوون.» جه‌سته‌م گه‌رم داهاته‌وه‌.
خاتوون گوتی: «نینا هه‌موو ڕۆژێ له‌سه‌ر مه‌نقه‌ڵه‌كه‌ به‌ ئاوی گه‌رم خاولیی ته‌ڕ ده‌كرد و به‌ سه‌روچاوی میلایدا دێنا. دوایه‌ به‌ ئاو و سابوون و فڵچه‌، كه‌فاوێكی دروست ده‌كرد و به‌ تیغ، ڕیشی میلای ده‌تاشی. دوایه‌ ئاوێنه‌كه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌روچاوی ڕاده‌گرت و ده‌یگوت: «چاو لێ‌بكه‌، بوویه‌ته‌وه‌ تازه‌ لاوێك! خۆ ئێستاكه‌ باشتری؟» شه‌وێك له‌ هوتێل قه‌زوێن مانه‌وه‌. ده‌ستی دا ژێرباڵی میلا هه‌تا له‌ دیوه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ بچنه‌ سه‌رمێزی شێوخواردن. سه‌روچاوی نینا له‌به‌ر تینی یاوی میلا گه‌رم داهاتبوو و سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. میلا سوبیشی نه‌خوارد. چاوی هه‌ڵنه‌ده‌هات. هه‌ر ده‌یگوت: "با بخه‌وین. له‌ شوێنێكی فێنكدا نیناگیان." له‌ قه‌زوێنه‌وه‌ هه‌تا تاران میلا وڕێنه‌ی ده‌كرد. باسی سه‌گێكی ده‌كرد كه‌ به‌دوایاندا وه‌ڕیوه‌. داوێنی نینای كێشاوه‌. ده‌یگوت: "بڕۆ، بڕۆ." نینا به‌ده‌ست شووشه‌ی پێشه‌وه‌ی ماشێنه‌كه‌ی ده‌سڕی و ده‌یگوت: "چاو لێ‌بكه‌. كه‌سی لێ‌ نییه‌. ئێستا ده‌گه‌ینێ. هه‌موولایه‌ك سپی داگه‌ڕاوه‌." به‌ هه‌ر ته‌كانێكی ماشێن، سه‌ری میلاش ده‌جووڵاوه‌ و ده‌یگوت: "ئای سه‌رم، نیناگیان." شه‌وێك به‌ر له‌ ساڵی نوێ گه‌یشتنه‌ تاران. كامیۆنه‌كه‌ له‌به‌ر درگای نه‌خۆشخانه‌ ڕاوه‌ستا. له‌ تارانیش به‌فر باریبوو، ده‌تگوت بووكه‌ و تارای سپی پۆشیوه‌. نینا درگای كرده‌وه‌. هه‌تا قولاپه‌ له‌ به‌فر ڕۆچوو. گوتی: "چه‌ند سارده‌."»
خاتوون هه‌ستا و له‌ كومێده‌كه‌ شاڵه‌ ده‌سچنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ شانیدا دا و گوتی: «شۆفیره‌كه‌ هاته‌ یارمه‌تیی نینا. شه‌قه‌شه‌قی ددانی میلا ده‌هات. به‌ هه‌ردووكیان دایانگرت. ئاگایان لێ‌بوو نه‌خلیسكێ. میلا له‌په‌ستا ده‌یگوت: "نی نی نی‌نا گیان." هه‌تا درگای ژووره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌، هه‌ر ده‌نگی شه‌قه‌شه‌قی ددانی میلا ده‌هات. كاتێ درگا كراوه‌، میحڕابێكی گه‌وره‌یان دیت كه‌ چرای سوور و زه‌رد و سه‌وزی هه‌بوو. هه‌ڵده‌بوو و ده‌كوژاوه‌. عیسا مه‌سیح و فریشته‌كان و... له‌ژێر میحڕابه‌كه‌ بوون. ئه‌ستێره‌یه‌كی تریفه‌داریش له‌سه‌ر میحڕابه‌كه‌ بوو. دوو په‌رستار هاتنه‌ یارمه‌تی. دوای ماوه‌یه‌ك میلایان به‌ ڕووتی خسته‌ نێو وانێكی پڕ له‌ ئاوی گه‌رم و سه‌وز، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م گه‌رم دابێته‌وه‌ هه‌م چڵكی له‌شی لاچێ. دوایه‌ میلایان ویشكه‌وه‌ كرد و كراسیان بۆ له‌به‌ر كرد و له‌سه‌ر ته‌ختی ژماره‌ 22 خه‌واندیان. میلا گوتی: "باشم خه‌و لێ‌ده‌كه‌وێ. بڕۆ نینا گیان." و چاوی قووچاند. به‌ڵام لاوه‌گیان، نینا چی كرد؟ چه‌مه‌دانه‌ی هه‌ڵگرت و ڕاست چوو بۆ كافه‌ی ژاڵه‌. هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی له‌وێ میلای ناسیبوو. له‌به‌ر ده‌ركه‌، لاقی خاوێن كرده‌وه‌. كه‌ درگای كرده‌وه‌، جێگای ده‌رزی هه‌ڵاویشتنی نه‌دی، به‌ ده‌وری هه‌موو مێزه‌كاندا مشته‌ری دانیشتبوون. دیسان هه‌ر ئه‌و مشته‌رییانه‌. ئۆركێسترایه‌كی هۆنگری، چارداشی لێ‌ده‌دا. نینا هه‌ستی كرد گۆره‌وییه‌كانی به‌ به‌فر خووساوه‌ و قژی له‌به‌ر به‌فری نێوڕێ ته‌ڕ و خاو بۆته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ نووساون. پیاوه‌كان چاویان له‌ نینا نه‌كرد. نینا هه‌ستی به‌ خۆشحاڵی كرد. له‌ تاران بوو. میلاشی گه‌یاندبووه‌ نه‌خۆشخانه‌. خودا هاتبووه‌ یارمه‌تیی. دیوێكیش له‌ نهۆمی سه‌رێ چۆڵ بوو. كاتێ كلیله‌كه‌ی وه‌رگرت به‌ هه‌ڵاتن له‌ پلیكانان وه‌سه‌ر كه‌وت. درگای كرده‌وه‌. لامپه‌كه‌ی هه‌ڵكرد. چه‌مه‌دانه‌كه‌ی له‌ نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه‌ دانا. چاوی به‌ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك و مێزێكی چكۆله‌ و ئاوێنه‌یه‌ك له‌ پشتی درگاكه‌ و كومێدێك و په‌نجێره‌یه‌ك كه‌وت. چووه‌ به‌ر په‌نجێره‌كه‌. په‌رده‌كانی سپی و شین بوون. له‌وبه‌ری شووشه‌كه‌وه‌ شه‌قام دیار بوو كه‌ جارجاره‌ ماشێن یان عاره‌بانه‌یه‌ك، هێڵێكی له‌ سه‌ر سپێتی یه‌كده‌ستی شه‌قامه‌كه‌ دروست ده‌كرد. چووه‌ به‌ر ئاوێنه‌. ده‌نگی خه‌ڵك و زرینگه‌ زرینگی له‌ یه‌ك‌درانی پێك و په‌رداخی بیست. هه‌ناسه‌یه‌كی شادیی هه‌ڵكێشا. چه‌مه‌دانه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانی ده‌رهێنا. دوو پیاوی میسری به‌ كڵاوی گوڵینگداره‌وه‌، كه‌ گوڵدۆزی له‌سه‌ر كردبوون، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا. بڕیاری دا بیانبا بۆ میلا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ دڵته‌نگی نه‌كا. دوایه‌ كه‌وشه‌كانی داكه‌ند. قامكه‌كانی لاقی داماڵی. ده‌ستی ته‌ڕ بوو. هه‌ستا، ده‌ورێكی لێدا. شه‌وی ساڵی نوێ و تاران. كراسێكی له‌ چه‌مه‌دانه‌كه‌ ده‌رهێنا. كراسه‌ 
چرچ و لۆچاوییه‌كه‌ی كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕێگادا له‌به‌ری كردبوو داكه‌ند و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانا. جلی تازه‌ی كرده‌ به‌ر. ده‌ستی به‌ قژیدا هێنا. كۆی كرده‌وه‌ و ده‌رزی‌قژێكی لێدا. ئاوا باشتر بوو. كه‌مێ سووراوسپیاوی كرد و له‌ ژووره‌كه‌ی هاته‌ ده‌رێ. له‌ پلیكانه‌كان هاته‌ خوارێ. له‌سه‌ر دوایین پلیكان ڕاوه‌ستا. جێگای چۆڵ نه‌مابوو. هه‌موو شوێنه‌ باشه‌كانیان گرتبۆوه‌. ئۆركێسترا ئاهه‌نگی لێده‌دا و هێندێك سه‌مایان ده‌كرد. هه‌ر له‌وێ له‌سه‌ر پلیكانه‌كان دانیشت و داوای سارده‌مه‌نییه‌كی له‌ گارسۆنه‌كان كرد كه‌ هاواڵی بوون و ویستی جێگایه‌كی بۆ بدۆزنه‌وه‌ وه‌ك بنیاده‌م دانیشێ. له‌ هاواڵه‌كانی میلا كه‌س له‌وێ نه‌بوو. ویستی سه‌ردانێكی نه‌خۆشخانه‌ بكات؛ به‌ڵام ده‌یتوانی چ‌بكا؟»
گوتم: «هیچ شتێ خاتوون؟»
ــ هه‌روا دانیشت و دانیشت هه‌تا دوای نیوه‌شه‌و. كاتێ مێزه‌كان به‌تاڵ بوون له‌دوایین پلیكانه‌وه‌ گه‌یشته‌ شوێنێ كه‌ هه‌ر ئه‌و مابۆوه‌ و ئۆركێسترای هۆنگری. ویۆڵۆن‌ژه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانیشتبوو و ئامێره‌كه‌ی له‌سه‌ر لاقی دانابوو. فلووت‌ژه‌نه‌كه‌ له‌نێو فلووته‌كه‌یدا به‌دوای شتێكدا ده‌گه‌ڕا كه‌ نه‌ده‌بیندراوه‌. ئاكاردۆن‌ژه‌ن خه‌وی لێ‌كه‌وتبوو. به‌ڵام ویۆڵۆن‌ژه‌ن هه‌ر خه‌ریكی ژه‌نین بوو. نینا له‌سه‌ر چرپایه‌كی له‌هێستانی ڕووبه‌ڕووی ویۆڵۆن‌ژه‌ن دانیشتبوو و لاقی له‌سه‌رلاق دانابوو. كه‌وشه‌كانی داكه‌ندبوو و به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتبوون. به‌ هه‌وای ویۆڵۆنه‌كه‌ سه‌ری ده‌له‌قاند. ویۆڵۆن‌ژه‌ن گوتی: "خاتوونێ، ماندوو نه‌بووی؟ ئێمه‌ هه‌موومان له‌ شان‌وپیل كه‌وتین. خه‌ریكه‌ به‌یانی له‌ درگا بدا." نینا گوتی: "چی؟" و ئاوڕی داوه‌. چرپاكان له‌سه‌ر مێزه‌كان كۆ كرابوونه‌وه‌. گارسۆنێك له‌ ئاخری هۆڵه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزێك خه‌وی لێ‌كه‌وتبوو. ته‌نیا دوو گڵۆپ داییسا. ژه‌نیار گوتی: "لێی‌ده‌مه‌وه‌، خاتوونێ؟" نینا گوتی: "بڵێ نینا. تازه‌ هاتووم. له‌ ترسی سه‌رما هه‌ڵاتووم."
خاتوون، شاڵه‌كه‌ی له‌ شانی توندتر كرد.
ــ ژه‌نیار گوتی: "لێی‌ده‌مه‌وه‌ خاتوو نینا؟" نینا گوتی: "هه‌تا هێزت هه‌یه‌ لێده‌. له‌مێژه‌ ده‌نگی ویۆڵۆنم نه‌بیستووه‌. له‌وانه‌ بوو شێوه‌كه‌یشیم له‌بیر بچێته‌وه‌. پێم‌خۆش‌بوو دیسان ویۆڵۆنم دیته‌وه‌." ژه‌نیار گوتی: "ده‌یجا بۆ خۆشیی ئێوه‌ی لێده‌ده‌م. ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی خۆم زۆرم پێ‌خۆشه‌. جارجاره‌ كه‌ منداڵیی خۆم وه‌بیر دێته‌وه‌ به‌ فیتوو لێی‌ده‌ده‌م." نینا گوتی: "ئاهه‌نگی سێرتسا ده‌زانی؟" ژه‌نیار گوتی: "ره‌نگه‌ بزانم. به‌ فیتوو لێی‌ده‌." نینا به‌ فیتوو لێیدا؛ له‌ پێشدا هێواش؛ دوایه‌ گوتی خراپم لێ‌دا، له‌سه‌رڕاوه‌. پاشان دووسێ نۆت دوابه‌دوای یه‌ك. دوایه‌ ده‌نگی ویۆڵۆن هات. نینا گوتی: "ئێستا ئاوا." قامكه‌كانی له‌ حه‌وا بۆ ئه‌م‌لاو ئه‌ولا برد. ژه‌نیار گوتی: "ئێستا باشتره‌؟" نینا گوتی: "نه‌ من چاكی ده‌زانم نه‌ تۆ." ژه‌نیار گوتی: "سه‌ما ده‌كه‌ی خاتوونێ؟" نینا گوتی: "ماندووم." ژه‌نیار گوتی: "به‌ته‌نیای؟" نینا گوتی: "به‌ته‌نیام." ویستی باسی میلا بكا كه‌ باسه‌كه‌ی برده‌ سه‌ر ده‌شتی موغان و میانه‌ و ته‌ورێز و... دوایه‌ تێگه‌یشت ژه‌نیاره‌كه‌ ئاهه‌نگی سێرتسا لێ‌ده‌دا. نینا گوتی: "ماندوو بووی؟" ژه‌نیار گوتی: "نا خاتوونێ؛ له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌ی ئێوه‌ ده‌هاتم. دیاره‌ هه‌ر كه‌سه‌ی به‌سه‌رهاتێكی هه‌یه‌. گرینگ نه‌گوتنی چیرۆكه‌كه‌یه‌. له‌گه‌ڵ من سه‌ما ده‌كه‌ی خاتوونێ؟" ژه‌نیار و نینا به‌ فیتوو ئاهه‌نگی سێرتسایان لێ‌دا و سه‌مایان كرد. ژه‌نیار گوتی: "من ناوم لۆكایه‌، خاتوو نینا. زۆر خۆشحاڵم ئه‌مشه‌و له‌م‌سه‌ری دنیا له‌گه‌ڵ تۆ سه‌ما ده‌كه‌م." بۆ به‌یانی كاتێ نینا له‌ خه‌و هه‌ستا چوو بۆ نه‌خۆشخانه‌. له‌ دووكانی توركه‌كانی شه‌قامی ئیسلامبول، پرته‌قاڵ و لیمۆترش و قه‌یسی كڕی و له‌ دووكانی خاتوو شیبراوا، كه‌ چاوی په‌ڵه‌ی سووری تێدابوون و ده‌یانگوت شوومی باش نییه‌، مریشك و كه‌ڵه‌شێر و ماسیی شۆگۆلاتی و لیكۆری پرته‌قاڵی كڕی كه‌ میلا پێی‌خۆش‌بوو. كه‌ له‌ پلیكانه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ وه‌سه‌ر كه‌وت، لای دیوی ژماره‌ 22 شۆگۆلاتی بۆ په‌رستارێكی هه‌رمه‌نی ڕاگرت. په‌رستار، دوو ماسیی هه‌ڵگرت كه‌ له‌ نایلۆنی زه‌رد و سووره‌وه‌ پێچرابوون. میلا له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی خه‌وتبوو. له‌ كه‌لێنی درگاكه‌وه‌ گوتی: "میلا، من هاتووم." حاڵیی له‌ په‌رستاره‌كه‌ پرسی. چاوه‌ڕێی وه‌ڵام نه‌ما. چوو بۆلای میلا. میلا كه‌ چاوی به‌ نینا كه‌وت، مه‌لافه‌كه‌ی دا به‌سه‌ر خۆیدا. نینا مه‌لافه‌كه‌ی لادا و گوتی: "میلا، منم، نینا؛ نوقڵی جه‌ژنم بۆ هێناوی." دوایه‌ نێوچاوانی ماچ كرد. "ریشیشت نه‌تاشیوه‌." گه‌رم بوو. میلا گوتی: "سه‌رمامه‌." نینا گوتی: "هه‌موو جێیه‌ك سارده‌." و پێكه‌نی. میلا گوتی: "ئاوم ده‌یێ. بیكه‌ به‌ گه‌روومدا. قومه‌ قومه‌. خه‌ریكم ئاور بگرم." نینا داوای ئاوی كرد و هێواش هێواش به‌ كه‌وچك كردی به‌ ده‌میه‌وه‌. میلا ده‌ستی نینای گرت. چاوی قووچاند. په‌رستار هات. نینا گوتی: "ده‌ستی گرتم و چاوی قووچاند." په‌رستار به‌ نینای گوت بچێته‌ ده‌رێ. په‌رژینه‌كه‌ی به‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ی میلادا كێشا. كاتێ په‌رستار له‌ دیوه‌كه‌ هاته‌ ده‌رێ، ئه‌نگوستیله‌كه‌ی میلای دا به‌ نینا. گوتی: "هی ئێوه‌یه‌. مه‌رگێكی ئارام و جوانی كرد." نینا چاوی له‌ دیوه‌كه‌ و له‌ په‌رژینه‌ سپییه‌كه‌ كرد و گوتی: "نوقڵه‌ماسییه‌كه‌ی نه‌خوارد." گریان ئه‌وكی گرتبوو. پرستار گوتی: "لێره‌ نا. نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌ ناڕه‌حه‌ت مه‌كه‌. خۆشت هه‌روا. خۆت ده‌تزانی ده‌مرێ." له‌ نه‌خۆشخانه‌ هاته‌ ده‌رێ و رۆٍیشته‌وه‌ بۆ كافه‌ و دیوه‌كه‌ی خۆی. چاوی قووچاند و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ كه‌وت.»
گوتم: «یانی میلای نه‌ده‌ویست؟»
خاتوون گوتی: «به‌یچۆن. نینا پێی‌خۆش‌بوو میلا زیندوو بێ. له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕێگا ئه‌مه‌ی پێ‌خۆش‌بوو. ته‌نانه‌ت ئاوی گه‌رم كرد. به‌ فڵچه‌ ڕیشی كه‌فاوی كرد و تاشیی. ئاوێنه‌ی به‌ره‌وڕووی ڕاگرت و گوتی: "چاو لێ‌بكه‌؛ ئێستا باشتری." ئۆدكڵۆنی له‌ ده‌م‌وچاوی دا. به‌ڵام سه‌روچاوی میلا گه‌رم بوو. ده‌م‌وچاوی ده‌نا به‌ په‌نجێره‌ سه‌هۆڵ‌گرتووه‌كه‌وه‌. گه‌رمای سه‌روچاوی، سه‌هۆڵه‌كانی ئه‌وبه‌ری شووشه‌كه‌ی ده‌توانده‌وه‌. ده‌بوونه‌ ئاو. ده‌نگی چرپاكه‌ی میلا بوو. ده‌سته‌كانی میلا بوون كه‌ مه‌چه‌كی ده‌ستی نینایان به‌ردا: "له‌گه‌ڵم دێی بۆ ده‌شتی موغان؟" بریا نه‌یگوتبایه‌ له‌گه‌ڵی ده‌چێ. كاتێ چاوی هه‌ڵێنا، شه‌و به‌سه‌ردا هاتبوو. دیسان قریشك‌وهۆڕ و هه‌راوزه‌نا ده‌گه‌یشته‌ دیوه‌كه‌ی نینا. په‌نجێره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ته‌زوویه‌كی سارد هاته‌ دیوه‌كه‌. ده‌نگی ئۆركێسترا و ده‌نگی چه‌پڵه‌ڕێزیان دیوه‌كه‌ی ته‌نیبۆوه‌. نینا له‌ دیوه‌كه‌ چووه‌ ده‌رێ. به‌ر له‌وه‌ی درگا پێوه‌بدا، له‌ ئاوێنه‌كه‌ چاوێكی خێرای له‌ خۆی كرد. كێ ده‌زانێ میلا مردووه‌؟ له‌ پلیكانه‌كان هاته‌ خوارێ. له‌دوایین پلیكان دانیشت. داوای سارده‌مه‌نییه‌كی كرد. كاتێ بۆیان هێنا و خواردییه‌وه‌، گه‌رم داهات. خه‌ریك‌بوو چاوه‌كانی ته‌ڕ بن، له‌ناكاو ده‌ستێك ده‌ستی نینای ڕاكێشا و گوتی: "شه‌وی ساڵی نوێ و ته‌نیایی خاتوونێ؟" هه‌موو خه‌ریكی سه‌ما بوون. نیناش. چارداش، دوایه‌ هه‌ر سه‌مایه‌كی بیزانیبایه‌ یان نه‌یزانیبایه‌. هه‌تا سه‌ماكان ته‌واو بوون و سه‌ماكه‌ره‌كان له‌سه‌ر چرپاكان پاڵ كه‌وتن. ده‌قیقه‌یه‌كی مابوو بۆ كات‌ژمێر دوازده‌. بێده‌نگی وڵاتی داگرت. دوایه‌ ده‌ چركه‌، دوایه‌ نۆ چركه‌... دوو چركه‌، یه‌ك چركه‌. چراكان كوژانه‌وه‌. ساڵ نوێ بۆوه‌. هه‌ركه‌سه‌ی ده‌ستی یه‌كێكی گرت. ده‌نگی پێكه‌نین، جووڵه‌ی چرپاكان، جم‌وجۆڵی بنیاده‌مه‌كان، خرمه‌ی كه‌وتنی په‌رداخێك به‌سه‌ر عه‌رزدا، قاقا و پاشان بێده‌نگی. كاتێ چراكان هه‌ڵكرانه‌وه‌، لۆكا به‌رامبه‌ر به‌ نینا وه‌ستابوو. لۆكا گوتی: "ساڵی تازه‌ش هات، خاتوونێ." نینا گوتی: "ساڵی نوێت پیرۆز." لۆكا گوتی: "له‌ تۆش پیرۆز." نینا گوتی: "میلا مرد." لۆكا گوتی: "ساڵی نوێیه‌ خاتوونێ. سه‌مام له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ی؟" چراكان چوار‌ی‌ به‌یانی كوژانه‌وه‌. لۆكا ماتۆڕه‌ شڕه‌یه‌كی سایدكاری هه‌بوو كه‌ له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ جێگای كه‌سێك بۆ سواربوون هه‌بوو. چواری به‌یانی، لۆكا ماتۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵكرد و له‌گه‌ڵ نینا بۆی ڕۆیشتن. لۆكا گوتی: "بۆ ئێمه‌ی قه‌ره‌ج، له‌ هه‌موو شوێنێك ئه‌وین هه‌یه‌." نینا چاوی قووچاند و گوتی: "هه‌ر توند مه‌ڕۆ؛ هه‌موو شوێنێك سه‌هۆڵبه‌ندانه‌." ئیتر كه‌س چاوی به‌وان نه‌كه‌وته‌وه‌.»
به‌ری به‌یان بوو. حه‌سابوومه‌وه‌.
خاتوون گوتی: «كوڕه‌ گیان دیتت ئاخری چی لێ‌هات؟ به‌ دوو قۆڵی ڕۆیشتن.»
چاوم له‌ وێنه‌كانی نینا ده‌كرد.
خاتوون گوتی: «چه‌نده‌م پێ‌خۆش‌بوو ئه‌م چیرۆكه‌، چیرۆكی نینا، بگێڕمه‌وه‌. هه‌ر تۆ سه‌رنجی گوڵدۆزیی ڕوومێزییه‌كه‌ت دا. شه‌وانه‌ كاتێ جگه‌ره‌ ده‌كێشم و بیر له‌ نینا ده‌كه‌مه‌وه‌، چاوم ده‌قووچێنم و خۆڵه‌مێشی گه‌رمی جگه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕوومێزییه‌كه‌ و كونی ده‌كا. واز بێنین. لاوه‌گیان، چایی و نوقڵه‌ماسییه‌كی به‌تام ده‌خۆی؟»
گوتم: «به‌ڵێ، خاتوونێ.»
خاتوون چایی هێنا. چه‌ند نوقڵه‌ماسیش كه‌ له‌ نێو نایلۆنی بریقه‌داری ڕه‌نگیدا پێچرابوونه‌وه‌.
گوتم: «چ سه‌یره‌، خاتوون! ڕاست وه‌ك ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی گێڕاته‌وه‌.»
خاتوون گوتی: «به‌ڵام لاوه‌گیان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌.»
گوتم: «بۆچی خاتوون؟» دوایه‌ چاییه‌كه‌م خوارده‌وه‌.
خاتوون شاڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر شان‌وپیلی ڕێك كرد و گوتی: «نا كوڕم، كاتێ له‌گه‌ڵ لۆكا ڕۆیشتم تێگه‌یشتم هیچ شوێنێ له‌و شوێنه‌ی بۆ یه‌كه‌م‌جار ئه‌وین هاتۆته‌ ئامێزم، خۆشتر نییه‌. خۆ كه‌س نه‌یده‌ناسیم. لۆكاش قه‌ره‌جێك بوو. ویۆڵۆنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرت و ده‌گه‌ڕا، له‌ ڕۆخی ڤۆڵگا یان دانووب. به‌ڵام من هه‌ر له‌ نیوه‌ی ڕێ گه‌ڕامه‌وه‌. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانم له‌ چه‌مه‌دان نا و ون بووم. هه‌تا بوومه‌ خاتوو ئانا. كه‌س نینای نه‌ده‌ناسی. بێجگه‌ له‌ تۆش كه‌س نازانێ خاتوو ئانا كێیه‌. من ئه‌و به‌سه‌رهاته‌م بۆ كه‌س نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، كوڕی باش. پێم‌خۆشه‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕۆی...»
هه‌ستا. گڕامافۆنه‌كه‌ی قورمیش كرد. گڕامێكی هه‌ڵگرت. له‌سه‌ر گڕامافۆنی دانا.
ـ هه‌سته‌ سه‌ما بكه‌ین.
چرای كوژانده‌وه‌. له‌ ده‌رێ به‌فر ده‌باری.
ـ لۆكا هه‌تا كوێ ده‌ڕۆین؟
ـ تا ئه‌و شوێنه‌ی تۆ پێت‌خۆشه‌ نینا.
ـ میلا هه‌تا كوێ ده‌ڕۆین؟
ـ تا ئه‌و شوێنه‌ی تۆ پێت‌خۆشه‌ نینا.
ده‌نگی گڕامافۆن وڵاتی داگرتبوو.



درباره وبلاگ
سلام دوست عزیز به وبلاگ خودتون خوش امدید . تو این وبلاگ هر چی بخواهید پیدا میشه . فقط خوب بگردید.
Iranbloglist.comوبلاگ برتر را انتخاب کنید.
موضوعات
آخرین مطالب
نظر سنجی
دوست عزیز نظرت راجب وبلاگ چیه




نویسندگان
آرشیو مطالب
پیوند ها
پیوندهای روزانه

 

گالری عکس
آمار سایت
بازدیدهای امروز : نفر
بازدیدهای دیروز : نفر
كل بازدیدها : نفر
بازدید این ماه : نفر
كل مطالب : عدد
آخرین بازدید :
آخرین بروز رسانی :



تمام حقوق این وبلاگ و مطالب آن متعلق به صاحب آن می باشد.

قالب وبلاگ

پیامک عاشقانه

شبکه اجتماعی فارسی کلوب | Buy Mobile Traffic | سایت سوالات