منبع اطلاعاتی مفید
مقالات ، ادبیات ، عکس ، آموزشهای زناشویی ، موارد جنسی و............
نوشته شده در تاریخ دوشنبه 26 اردیبهشت 1390 توسط . کردستانی | نظرات ()
كه‌س نازانێ له‌ كوێیه‌. ده‌نگی شه‌پۆله‌كانی زه‌‌ریا‌ دێ. شه‌پۆ‌له‌كان به‌ سه‌ر لمه‌ زێڕ‌ینه‌كاندا هه‌نگاو ده‌نێن. خۆ به‌ سنگی كه‌نده‌ڵانه‌ به‌رده‌كاندا ده‌دا و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
گه‌ڵاكان هه‌ڵده‌وه‌رێن. سه‌ر‌مامه‌. رۆ‌بێرتۆ به‌یانی گوتی: «لام وایه‌ حاڵت باش نه‌بێ. ره‌نگت په‌ڕیوه‌ كوڕه‌كه‌. بۆ ناگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ماڵێ؟» لای چه‌پم وێستگه‌یه‌، پاسێكی به‌تاڵ ‌راوه‌ستاوه‌. خۆزگه‌ سوار بم و بچم بۆ رۆم.
ماڵه‌كه‌م، ماڵ! دیسان ژووره‌ ژیكه‌ڵه‌كه‌. شتو‌مه‌كی تۆز لێنیشتوو.
له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ درێژ بوون سیگار كێشان. چاوبڕین له‌ په‌رده‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ راكشان تا سنووری مردن. ژنی خاوه‌ن ماڵ گوتی: «ئه‌وانه‌ بۆ من نابێته‌ كرێی خانوو.»
تابڵۆكانی خسته‌ ده‌رێ. بۆ به‌رد‌رگای دیوه‌كه‌م.
گیر‌فانه‌كانم ده‌پشكنم به‌ شوێن پاكه‌‌ته‌ سیگاره‌كه‌دا. ره‌نگبێ له‌ شوێنێك كه‌وتبێ.
له‌وه‌ ده‌چێ له‌ كه‌ناری ده‌ریا‌ كه‌وتبێ: سه‌رمایه‌. به‌ ملیوانه‌ی كۆته‌كه‌م ملم داده‌پۆشم گوێ له‌ ده‌نگی (مۆزیك) ده‌گرم. مێلێو‌دییه‌كی شاده‌. له‌ چایخانه‌كه‌ی (خولیو) ‌دێت.
ده‌شكرێ بچیت و له‌گه‌ڵ كۆچه‌ره‌كاندا گه‌ڕێك هه‌ڵپه‌ڕیت.
ورد ورد باران ده‌‌بارێ.
به‌یانی ئاسمان ساماڵ بوو. گه‌ڕۆكه‌كان به‌ره‌و كه‌ناری ده‌ریا ده‌چوون.
پیره‌ پیاوه‌كان له‌ كه‌ناری ئاوه‌كه‌ دانیشتبوون. ده‌بێ بچین بۆ لابی هوتێله‌‌كان. هه‌ر‌كه‌ باران دای‌دا ورده‌واڵه‌ فرۆشه‌كان شته‌كانیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.
رۆبێرتۆ گوتی: «نه‌ختێك ده‌چم له‌ كازینۆ یاری ‌بكه‌م.» ورده‌واڵه‌ فرۆشه‌. قه‌ولی ‌به‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی داوه‌ هه‌ركه‌ شته‌كانی فرۆشت سه‌ردانێكی رۆم بكا، له‌ فرۆشگه‌ گه‌وره‌كان عه‌تر و گۆره‌وی و كڵاو بكڕێ. حه‌زی له‌ قوماره‌. ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ په‌یدای ده‌كا شه‌وانه‌ ده‌یدۆڕێنێ.
شته‌كانی خسته‌ نێو ‌ساكه‌‌كه‌‌یه‌وه‌ ‌و كوتی: «به‌ڵكوو به‌خته‌وه‌ری رووی تێكردم» ته‌م و مژ وڵاتی داگرتبوو. له‌ سه‌ربانه‌ سووره‌كان چۆكی‌ داداوه‌. ماد‌مازێل كه‌تی قفڵێكی زه‌لامی له‌ درگای میوانخانه‌كه‌ی داوه‌ و رۆیشتووه‌. پیترۆكوتی: «زۆر له‌وه‌ ده‌چێ چووبێته‌ ئه‌لجه‌زایر. وه‌دووی عاشقه‌ ون بووه‌كه‌ی كه‌وتبێ»
گوتم: «ئه‌و له‌ ژیاندا كه‌سێكی نه‌بوو.»
سه‌رنجی كاتژمێره‌كه‌ی ‌دا: «زۆر دره‌نگه‌ ده‌بێ بچم بۆ سه‌ر به‌حرێ.
دوا‌نیوه‌ڕۆ وه‌ره‌ بۆ چایخانه‌كه‌م. ڤرژاڵێكت بده‌مێ به‌قه‌ت نه‌هه‌نگێك.»
گه‌مییه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاوه‌كه‌ پاڵ پێوه‌نا. گه‌ڕۆكه‌كان له‌ (ئێسكله‌)وه‌ سواری گه‌میه‌ی سه‌یرانی ده‌بوون. بۆ جه‌زیره‌ دووره‌كان ده‌‌رۆیشتن. كۆشی گه‌مییه‌كه‌ جمه‌ی ده‌هات و به‌زم و پێكه‌نین بوو. روومه‌تی ئاسمان ره‌نگی خۆڵه‌مێشی لێنیشتبوو پیترۆ سه‌وڵی لێ‌‌ده‌دا و ده‌چووه‌ پێشێ.
ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك به‌ شوێن ماد‌مازێل ‌كه‌تیدا بگه‌رێم: نابێ بگریم. بابم دایمه‌ ده‌یگوت: ژن گرینۆكه‌ نه‌ك پیاو.
مادمازێل‌ كه‌تی ئه‌گه‌ر بێی، له‌به‌ر هه‌یوانی میوانخانه‌كه‌ی دابنیشی.
ده‌كرێ باسی ئه‌و ده‌بێ و نابێیه‌ی بابم بكه‌ی.
حه‌زی ده‌كرد وه‌ك پیاوێكی راسته‌‌‌قینه‌ گه‌وره‌م بكا. به‌ڵام دایكم به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێی خوش بوو كچ بایه‌م. عومرێك له‌ سه‌ر بارهێنانی من شه‌ڕوهه‌ڵڵایان بوو ئێستاش نه‌مزانی كامیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ست هێنا.
ماد‌مازێل ‌كه‌تی به‌ نیستانه‌ی خاچ ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ ده‌دا و قاقا پێده‌كه‌نێ.
په‌رده‌ سپییه‌كانی پشت په‌نجه‌ره‌ی میوانخانه‌كه‌ی لا‌نه‌داوه‌، به‌ڵام دڵم هه‌واڵی هاتنه‌وه‌ی ئه‌وم ده‌داتێ. پێلووه‌كانم قورسبوون. دمم‌ ویشكه‌ و لێوم باری هێناوه‌. بریا له‌ ماڵێ بام، دایكم له‌ ژێر كورسیه‌كه‌ گه‌رم ‌دایده‌‌پۆشیم و شه‌ربه‌تێكی تاڵی ده‌دامێ. ده‌‌له‌رزم. لێفه‌كه‌ له‌ سه‌ر خۆم فڕێ ‌ده‌ده‌م.
له‌ باوه‌شم ده‌كا: «له‌ نیوه‌شه‌ودا چیبكه‌م. بێ‌كه‌س و بێ‌ده‌ر»
په‌تووه‌كه‌م تێوه‌ ده‌پێچێ. له‌ سه‌ر پلیكانه‌كان له‌چكه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ سه‌ری.
به‌ هه‌ناسه‌ بڕكێ له‌ كۆڵانه‌‌كانه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێ . ده‌ستم له‌ ئه‌ستۆی كردووه‌ دڵی له‌ ژیڵڵا دێ.
خوڕه‌ی ئاو دێ. بۆنی پێستی ماسی‌ دێ. بۆنی ناخۆشی نه‌خۆشخانه‌ به‌سه‌ر چارشێوه‌كه‌یدا هێڵنج ده‌ده‌م. له‌ داڵانێكی روو‌ناكه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێ.
چراكان خۆیان له‌ بن‌میچ توند ‌كردووه‌.
_ ئه‌ی هاوار منداڵه‌كه‌م مرد، خانم په‌رستار!
له‌سه‌ر ته‌ختێك رایان كێشاوم. په‌رستار ‌كراسه‌كه‌م هه‌ڵده‌داته‌وه‌. په‌له‌‌قاژێ ده‌كه‌م. حه‌ولی‌ ئه‌وه‌‌مه‌ هه‌ستمه‌ سه‌رپێ. هێزی لاقم نییه‌. چنگ له‌ مه‌لافه‌كه‌ گیر ده‌كه‌م. پڕ ده‌ده‌مه‌ په‌نجه‌ی خانمی په‌رستار. دوكتور سه‌ر‌ی به‌ سه‌ر‌م دا‌گرتووه‌. ده‌موچاوی به‌ به‌ر‌ چاومدا دێت و ده‌چێ: قه‌ڵا‌فه‌‌ی هه‌ڵچوو سه‌ری گه‌یشتۆته‌ بن‌میچ. ئه‌گه‌ر ده‌ست درێژ بكات چرا به‌رقه‌‌كان داده‌گرێ. قاقا ده‌كێشم.
_ كوڕی خۆم ناوت چییه‌؟
دایكم ده‌ڵێ: هادی. ناوی هادییه‌ دوكتور‌گیان. خه‌ریك بوو له‌ ژێر كورسییه‌كه‌دا ده‌بوورایه‌وه‌»
_ پێوستی به‌ خۆین تاقی كردنه‌وه‌یه‌، ئازمایشی بۆ ده‌نووسم وا باشه‌ لێره‌ بێخه‌وێنن. بابی له‌ كوێیه‌؟
ده‌ڵێم:«چووه‌ بۆ مێشێن خه‌ریكی مێشێنه‌..»
بابم گوێم باده‌‌دا راكێش راكێش ده‌مباته‌وه‌ بۆ ماڵێ. مه‌ڕ‌مه‌ڕه‌كانم فڕێ ده‌داته‌ كه‌لاوه‌‌كه‌وه‌.
_ مێشێن ئاكاری منداڵی هیچ و پووچه‌. واز له‌ كۆڵانان بێنه‌.
_ له‌وه‌ ده‌چێ حه‌سبه‌ بێت...
خانمی په‌رستار ئه‌مه‌ی ‌وت. له‌ ‌بان ته‌ختی قه‌راخ په‌نجه‌ره‌كه‌ رای‌كێشاوم.
ده‌رێ تا‌ریكه‌.
بابم هاته‌وه‌ یه‌ك‌دوو: قوتووی كۆمپووتی تریێ‌ پێبوو. گوتی: «هه‌ركه‌ چاك بوویته‌وه‌ ده‌تبه‌مه‌ ‌بازاڕ و چت بوێ بۆتی ده‌كڕم.»
ده‌ستی خسته‌ گیر‌فانییه‌وه‌. وتم:«هه‌ڵماته‌كانم!» قوتوی سیگار و ته‌سبیحه‌ زه‌رده‌كه‌ی بوو له‌ په‌نام دانیشت په‌ستار وتی:«لێره‌ سیگار كێشان یاساغه‌ كاكه‌. بچۆ ده‌ره‌و‌ه‌»
حه‌وشه‌كه‌ رووناك بوو. هه‌تا‌و به‌سه‌ر چڵی داره‌كانه‌وه‌ خۆی هه‌ڵخستبوو.
پاسارییه‌كان له‌ كه‌یفی خۆیان دابوون.
بابم بزه‌یه‌كی هاتێ. پا‌‌كه‌ته‌ سیگاركه‌ی خسته‌وه‌ ‌گیرفانی. هه‌تا‌ نیوه‌ڕۆ له‌ لام دانیشت.
ئیتر پێم خۆش نه‌بوو. چاك ببمه‌وه‌.
هاژه‌ی با دێ. دار و دیوار راده‌وه‌شێنێ. پاسه‌كه‌ سیگناڵ لێده‌دا و وه‌ڕێ ده‌كه‌وێ ده‌ورێكی مه‌یدانه‌كه‌ لێده‌دا و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. موسافیره‌كان له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ بۆم ده‌ڕوانی بای‌بام له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن زه‌رده‌ ده‌مگرێ. پاسه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ نێو باران و مژدا بزر ده‌بێ. گه‌ڵاكان ده‌وه‌رێن. پاییز به‌ پیر‌یانه‌وه‌ هاتووه‌. رۆژانی پشوو چه‌ندێك خێرا ته‌‌واو بوو. گه‌ڕۆكه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان. ئارام و له‌‌سه‌ر‌ه‌خۆ. به‌ شوێن ‌یه‌كه‌وه‌ رێچكه‌یان به‌ستووه‌. تفنگه‌كا‌نیان‌ ناوه‌ته‌ سه‌ر نه‌ڕه‌ی شانیان. سه‌ربازه‌كان رێژه‌ ‌ده‌ڕۆن پێ به‌ ‌زه‌وی‌ داد‌ه‌ده‌ن. ده‌نگی لاقیان تا ئه‌وپه‌ڕی پادگان ده‌ڕوا. یه‌ك، دوو، سێ، چوار، یه‌ك، سێ، چوار.
له‌گه‌ڵ دایكم له‌به‌ر ‌درگای نیگابانییه‌كه‌ وێستاوین. گه‌ڵا ‌زه‌‌رده‌كان به‌ ‌ده‌م باوه‌ سه‌ما ده‌كه‌ن ئه‌و‌ه‌نده‌ی چاو ده‌گێڕم ‌كاكه‌ هیممه‌ت نابینم. دایكم پاكه‌ته‌ شیرینیه‌كه‌ ده‌دا‌ته‌ ده‌ستم: «تۆ بیده‌ به‌ كاكت نه‌كا له‌ ‌منی وه‌رنه‌گرێ. مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم چه‌نده‌ لاساره‌.»
ده‌ڵێم: «ئه‌وه‌تانێ! دێم.»
چارشێوه‌كه‌ی دایكم به‌ر ده‌ده‌م، راده‌كه‌م. خۆ به‌ نه‌رده‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسم. به‌ ‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ پاكه‌ته‌ شیر‌نییه‌كه‌ی بۆ 
راده‌گرم. چاوم لێیه‌ ده‌ستی ناوه‌ته‌ بنا‌گوێی. له‌ جێی خۆم هه‌ڵده‌به‌زم. پاكه‌ته‌ شیرنییه‌كه‌ له‌ ده‌ستم ده‌كه‌‌وێته‌ خوارێ و بڵاو ده‌بێته‌وه‌. هێور هێور ده‌هات به‌ ژێر داره‌كاندا. قه‌له‌سابوونه‌كان ده‌یان قیڕاند.
سه‌رمامه‌. گه‌رووم دێشێ. به‌ باوه‌شی ‌كاكه‌ هیممه‌ته‌وه‌ سووڕێكی حه‌ساره‌كه‌ لێده‌ده‌م. دایكم له‌ ته‌نیشت كوچكه‌ ئاوره‌كه‌ مه‌نجه‌ڵێكی فڕنی ‌وه‌سه‌ر ئاگر ناوه‌. خه‌ریكه‌ به‌ كه‌و‌چك ده‌یشێوێنێ. ره‌زه‌‌بێ‌به‌رگ و گه‌ڵا‌كه‌ پاڵی به‌ دیواره‌كه‌وه‌ داوه‌.
ده‌ڵێ: «بیبه‌ ژوو‌ره‌وه‌. له‌ ژێر كورسییه‌كه‌دا رای‌بكێشه‌، ده‌ترسم سه‌رمای بێت‌ و تووشی هه‌ڵا‌مه‌ت بێ. ده‌ست‌ و لاقی سڕ بووه‌..»
ده‌ڵێم: «پشیله‌كه‌م بۆ بێنن.»
چاوی دایكم به‌ دوو‌كه‌ڵ سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌. ده‌كۆخێ. فڕنییه‌كه‌ له‌ هه‌ڵچوون‌ دایه‌، ده‌ڵێ: «پشیله‌كه‌م ده‌وێ.»
باوكم له‌ بازاڕ گه‌لێكی قه‌ڵه‌م‌ره‌نگی و ده‌فته‌ری وێنه‌كێشان بۆ كڕیبووم. نه‌مگوت پشیله‌كه‌م ده‌وێ. نه‌ده‌بوو گریا‌بام. وتی: «وێنه‌یه‌كی جوان بكێشه‌وه‌ كوڕی باش!»
هه‌ناسه‌ی بۆنی توو‌تنی ده‌دا. له‌ باوه‌شی كردم تا گه‌رمم بێته‌وه‌. په‌نجه‌ی به‌ قژه‌ درێژه‌كه‌م داهێنا و گوتی: «با چاك ببیه‌وه‌ ده‌تبه‌‌مه‌ ‌لای سه‌رتاش و سه‌روپۆتڵاكت بۆ جوان ده‌كه‌م...»
دایكم به‌ مۆڕه‌وه‌ چاوی تێبڕی. هه‌ر وه‌كوو ئه‌و رۆژانه‌ی ده‌چووین بۆ سه‌ر ‌گۆڕی خوشكم. لێوی هه‌ڵده‌قرچاند. له‌ لای سه‌ماوه‌ره‌كه‌ دانیشتبوو فڕنییه‌كه‌ی ده‌كرده‌ پیا‌ڵه‌ی چكۆله‌وه‌.
كاتێك ده‌چێته‌ پشت چه‌رخی به‌رگ دروونه‌كه‌‌یه‌وه‌، هه‌وای خه‌مگین ده‌بێژێ، كراسێكی دابوومێ له‌به‌ری بكه‌م. له‌به‌ر درێژی له‌ عه‌رزی ده‌خشكا. گوتی: «ئه‌گه‌ر خوشكت مابا ته‌واو بۆ ئه‌و ده‌بوو.»
ده‌ستی به‌ كاكۆڵه‌ درێژه‌كه‌‌مدا هێنا. خۆم ده‌ئامێزی خستبوو. روومه‌تی ته‌ڕ بوو به‌ ئاڵۆزییه‌وه‌ گوتی: «په‌له‌ ‌بكه‌ ده‌ری‌بێنه‌. هه‌ر ئێستا بابت دێته‌وه‌.»
له‌ نێو تابڵۆكاندا ده‌می دایكم به‌قه‌ت خونچه‌یه‌ك ده‌بێ. دایمه‌ له‌سه‌ره‌خۆ ده‌دوێ بۆ ئه‌وه‌ی جیرانه‌كان ئاگا‌یان له‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی نێوان دایكم و بابم نه‌بێ. بابم پێده‌كه‌نێ ده‌چێته‌ حه‌ساره‌كه‌ ‌و خه‌ریكی ئاو‌داشتنی نێو باخچه‌كه‌ ‌ده‌بێ.
گوڵه‌كان ئاونگیان له‌سه‌ر كه‌وتووه‌ تروسكه‌یان دێت.
ئه‌و شه‌وه‌ دایكم له‌ ته‌نیشت‌ منه‌وه‌ نه‌نووست. هه‌تا‌كوو به‌یانی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا له‌ ئاسمان رامابووم. ده‌مولێوی دایكم سوور كرد. ره‌نگی ئه‌ستێره‌كان نازانم. ده‌ڵێم: «ره‌نگی چاوی پشیله‌ ‌چۆنه‌؟»
بابم ده‌ڵێ: «چاوی دایكت ره‌شه‌. چاوباز و ئه‌برۆ سه‌قه‌ره‌.»
دایكم له‌ ماڵ نه‌بوو. چووبوو بو ماڵی دایه‌گه‌وره‌م. خه‌ریكی دۆكڵیوی خێرات بوون، بابم ده‌ستی گرتم، برد‌می بۆ سه‌رتاشخانه‌ و پاك پاك سه‌ری بۆ تاشیم. دایكم ئیتر قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرد. تاكوو ئه‌و كاته‌ی سواری فڕۆكه‌ ‌بووم. له‌ لای بابم مته‌قی نه‌كرد. ماد‌مازێل‌ كه‌تی گوتی: «به‌ راستی دڵته‌زێنه‌.»
به‌ ده‌سره‌كه‌ی ده‌ستی روو‌مه‌تی وشك ‌كردوه‌. پشیله‌كه‌ی به‌ ده‌و‌ر‌مدا هه‌ڵده‌‌خولا. بۆنی ئه‌و پشیله‌ی لێ‌ده‌هات وا بابم رۆژێك خسته‌ كارتۆنێكه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆی، بردی. نه‌ده‌بوو گریابام. بابم دایمه‌ ده‌یگوت: «پیاوان قه‌ت ناگرین.»
كاكه‌ هیممته‌تم له‌ من باوخۆشتر بوو. فێر‌ ببوو ‌كاتی دڵته‌نگی روو بكاته‌ كۆڵا‌نه‌ باریكه‌كانی ده‌فر‌ فرۆشه‌كان له‌ ‌سه‌ربازی هه‌ڵا‌‌تبوو. ئه‌و شه‌وه‌ی ‌هاته‌وه‌ خۆی به‌سه‌ر پێوه‌ نه‌‌ده‌گرت. له‌ هه‌یوانه‌كه‌وه‌ ته‌ماشا‌م ده‌كرد. ‌له‌ترێكی به‌ست تا نزیك حه‌وزه‌كه‌ رۆیشت. له‌وێ هێلنجی‌دا. ده‌ستی به‌ داوێنی دایكم گرت و گوتی: «خودا ڕوحمی كرد بابت له‌ماڵ نییه‌ وڵاتی به‌ سه‌ردا ده‌ڕووخاندین...»
پاڕابوومه‌وه‌ نه‌یات. نه‌ده‌هات. زۆر‌به‌ی شه‌وانه‌ له‌ ده‌رێ بوو. دایكم ده‌یگوت: «كاری زۆره‌ شه‌وانه‌ له‌ گاراج ده‌مێنێته‌وه‌.»
كاكه‌ هیممه‌ت له‌ بنه‌وه‌ چاوی لێكرد و هیچی نه‌گوت.
كاتێكیش كه‌ ده‌هاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌س قسه‌ی نه‌ده‌كرد. گوێی د‌ه‌‌نا به‌ ‌راد‌یۆكه‌وه‌. به‌ چاكی شێوه‌‌كه‌ی نه‌ده‌خوا‌رد ده‌یگوت: «ماندووم له‌ ژووری میوان جێم بۆ ‌چاكه‌ن.»
دایكم هه‌ڵده‌ستێ و جێو‌بانه‌كه‌ی بۆ ده‌بات.
بابم پاكه‌تی سیگاره‌كه‌ی ده‌خسته‌وه‌ گیرفانی. رادیۆكه‌ی له‌سه‌ر تاقه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرت و ئێمه‌ی به‌جێ ده‌هێشت.
دایكم گوتی: «نه‌چی به‌ بابت بڵێی كاكت شه‌وانه‌ دره‌نگ دێته‌وه‌.»
كاكم تازه‌ ناچێته‌ سه‌ربازی. هه‌تا نیوه‌رۆ ده‌خه‌وت. دوانیوه‌رۆش كراسی تازه‌ی له‌به‌ر ده‌كرد چه‌پكێكی گوڵ له‌ باخچه‌كه‌ ده‌ڕنی‌ و ده‌ینا ‌به‌ر پشتێنی. له‌ماڵ ده‌چووه‌ ده‌رێ.
_ دڵی داوه‌ به‌ بێوه‌ژنێكی مه‌ی فرۆش. كڵا‌وی له‌سه‌ر ناوه‌...
ئه‌وه‌ش[رمڵ و ئو‌سترلاب] گوتویه‌تی. ئه‌ستێره‌ی ئاسمان گوتویه‌تی دایكم له‌ ‌ماڵی نو‌شته‌ نووسه‌كه‌ هاته‌وه‌. به‌ دایه‌گه‌وره‌ی گوت: نوشته‌ی ورگرتووه‌. خۆڵی باخچه‌كه‌ی لادا. نه‌ختێك مێو و په‌رۆیه‌كی زه‌ردی گوڵداری له‌ بن‌ دا‌ر مێوه‌كه‌دا كرد به‌ ‌ژێر خۆڵه‌وه‌. به‌ ‌خۆڵی نه‌ر‌میش دایپۆشی گوتی: «نه‌چی به‌ ‌كاكت بڵێت.» نه‌م وتبوو ناڵێم.
تازه‌ كاكم زۆره‌بانیم له‌گه‌ڵ ناگرێ. ناچێته‌ ته‌ماشای فیلمی "تارزان" زۆر ‌په‌رێشان بوم. بۆ ئه‌و خانمه‌ قه‌ڵه‌وه‌ی قژه‌ زێرینه‌كه‌ی وه‌كوو كاكۆڵی ژنی تارزان ده‌چوو. بابۆڵه‌ و پیسسی ده‌دامێ له‌ سینه‌ما له‌ ته‌نیشت كاكه‌ داده‌ نیشت. به‌ بنێشته‌كه‌ی تۆقله‌ی هه‌ڵده‌دا.
بابم گوتی: «قسه‌ ی قۆڕ!.. هه‌ڵا‌تووه‌؟ پێستی سه‌ری داده‌ماڵم.
ناچار ده‌بێ مل‌بداته‌ خزمه‌ت و كار و باری خۆیی.»
له‌ ژووره‌كه‌وه‌ ده‌نگی ده‌هاته‌ ده‌رێ. كاكه‌ هیممه‌ت له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ دانیشتبوو له‌ گوڵی مافووره‌كه‌ را ما بوو. لاقی له‌سه‌ر لاقی دانا‌بوو. پۆتینه‌ كاڵ بووه‌كانی له‌به‌ر هه‌یوانه‌كه‌ دانابوو.
داركار بیان كرد. پاڵیان به‌ بابمه‌وه‌نا. سه‌ری به‌ لاجامه‌ی درگاكه‌دا درا.
له‌ ترسان نه‌گریام. له‌ پشت په‌رده‌كه‌وه‌ خه‌وم لێ‌كه‌و‌ت. به‌یانی زوو بابم خه‌به‌ری به‌ ئاژان دابوو. قۆڵبه‌ستیان كرد. له‌گه‌ڵ دایكم تاكوو ئه‌و سه‌ری كۆڵانه‌كه‌‌ش‌ وه‌‌دووی كه‌وتین. دووركه‌و‌تبۆوه‌. ئاوڕی لێنه‌داینه‌وه‌. سواری جیبێكیان كرد. له‌ دوواوه‌ دایا‌ننا. هاو ساكان له‌پشت په‌نجه‌ره‌ و درگا‌كانه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد. كاتێكیش گه‌رایه‌وه‌ زه‌ماوه‌ندی كردبوو. دور له‌ماڵی خۆمان ماڵیان گرت. دایكم ده‌گریا. بابم بۆئه‌وه‌ی پیان نه‌زانم له‌ هه‌یوانه‌كه‌وه‌ ده‌یگوت: «هه‌وای عاشق بوونه‌كه‌ی دابمركێ ئه‌و ژنه‌تیوه‌ به‌ره‌ڵا ده‌كا و په‌شیمانمان ده‌بێته‌وه‌..»
گه‌ڕایه‌وه‌ له‌ڕو لاواز ریش هاتوو له‌ سووچی ژووه‌ره‌كه‌دا كز داده‌نیشت. زۆر تامه‌زرۆی بینینی فیلمی تارزان بووم. نه‌یان بردم. قه‌ت نه‌یان بردم.
ماوه‌یه‌ك دوواتر هه‌مووشتێكی خسته‌ ژێرپێ. نوسی: «دڵداری چییه‌؟ عاشق بوون چۆنه‌؟ هۆشت به‌لای خوێتدته‌‌ ئه‌كه‌‌ته‌وه‌بی هه‌ر كات بووی به‌ شتێك بگه‌رێوه_ نه‌چی خۆت بد‌ۆرێنی. له‌بیرت نه‌چێ له‌ چ سه‌خڵه‌ تییه‌كدا بووم...»
بابم بێ‌ئه‌وه‌ی ئه‌وین‌دار بێ، لۆ عیاڕه‌ش[سیغه] كرد ئه‌و ژنه‌وا دموچاوی ژنانی جوان ده‌كرد. ده‌یان گوت له‌ نزیك گاراجه‌كه‌ خانووی بۆ به‌كرێ گرتووه‌. یئتر دایكم ده‌ستی له‌ روومه‌تی خۆی‌ندا. نه‌شچووینه‌ حه‌ما‌مه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی خۆمان. سه‌كینه‌ی حه‌مام چی گو‌تبووی: روح ئه‌نگیز خانم حه‌یفه‌ ئه‌و له‌شه‌ ناسكه‌ی تۆ ئاوی ئه‌و حه‌مامه‌ی وێ‌كه‌وێ! ئاخرییه‌كه‌ی، لو‌عیا‌ته‌‌ژه‌ كاری‌خۆی كرد.»
مادمازڵ‌كه‌تی گوتی:«ته‌ژه‌!»
ئه‌و وشه‌یه‌م به‌ فارسی وتبوو. پێكه‌نینی‌هاتبوو. جۆرێك ئه‌ی‌وت ته‌ژه‌ هه‌روه‌كوو ئه‌وه‌ی مانا‌كه‌ی بزانێ. دیسان وتی«ته‌ژه‌» و پێ‌كه‌نی. كاكه‌ هیممه‌ت ده‌یكوت:«ئه‌وانه‌ گشتی درۆیه‌، بژنه‌وه‌ و بڕوامه‌كه‌.» دایكم مات بوو تێی راما.
له‌ هه‌یوانی میوانخانه‌كه‌وه‌ كه‌ داده‌نیشی وا‌ده‌زانی ئاسمان ساماڵ‌تره‌.
شه‌قه‌ی باڵی مراویه‌كانم دێته‌ گوێ. گوتی: «ده‌بوو تۆ شاعیر بوایه‌ت.»
گوتم: «دایمه‌ حه‌زده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ نیشتمانی خۆم. وه‌گه‌ڕێم و پێشانگایه‌ك بكه‌مه‌‌وه‌...»
_ بۆچی ناگه‌رێته‌وه‌؟
_ بریا هه‌ر واسانا ده‌بوو.
به‌ په‌رۆشه‌وه‌ سه‌یری كردم. وتی: «جارێك ویستم بێ‌خه‌به‌ر وه‌گه‌ڕێم.
شتومه‌كیشم كۆكرده‌وه‌. دیاره‌یم كڕی‌بوو. خۆشم گه‌یانده‌ فڕوكه‌خانه_ نازانم چۆن بوو. ترس‌ دای‌گرتم‌و. سواری فڕۆكه‌كه‌ نه‌بووم، كه‌ل‌وپه‌ڵم وه‌رگرته‌وه‌ و گه‌ڕامه‌وه‌.
لام وایه‌ هۆیه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ بوو بابم بۆ بینینم هاته‌ رۆم، زۆری سه‌ر كۆنه‌كردم.
ده‌ ی گوت: «بۆچی بگه‌ریته‌وه‌؟ مفت و مه‌رحه‌با ده‌خوی و ده‌خو‌لێته‌وه‌.
پیاوێك نه‌توانێ به‌ زوری بازوی نان په‌یدا‌بكا. كه‌ی ئه‌وه‌ پیاوه‌. ئه‌وه‌ش قه‌ڵا‌فه‌ته‌ بۆ خۆتت دروست كردووه‌؟ كوڕێكی كاسبكار به‌‌م چه‌شنه‌وه‌ وه‌كوكچان پرچی درێژ ده‌هێڵێته‌وه‌! كراسی‌ ره‌نگاوره‌نگ ده‌به‌رده‌كا... نا، ئه‌و مندال بازاره‌ قه‌ت به‌ كه‌یفی من‌نییه‌.» وای تێگه‌یشتم حه‌ق به‌ ده‌ستی ئه‌وه‌. گه‌وره‌ی كردووم پووڵ و ماڵی بۆخه‌رج كردوم. به‌یه‌كه‌وه‌ چوینه‌ سه‌لمانی. پاك‌و خاوێن سه‌ریان بۆ تاشیم. كه‌چی هێشتا رازی به‌و كاره‌ نه‌بوو. ده‌یگوت: «بریا به‌ قسه‌ی سه‌ر‌په‌رشتی قو‌تا‌بخانه‌م نه‌كرد‌با. وام ده‌زانی بچیته‌ ئه‌و رویا ده‌بی به‌ به‌شه‌ر. وێنه‌كێشی ماشین ‌ده‌بووی، ده‌مبردی و ده‌مهێنایه‌وه‌.»
ماد‌مازل‌كه‌تی پێكه‌نی: «ده‌شتوانی وێنه‌كانت له‌سه‌ر پاسه‌كانی بابت بكێشیه‌وه‌ با ئه‌ویش كه‌یفی سازبێت، سینیور!»
ئه‌گه‌ر دڵ ته‌نگ‌بی، ئه‌گه‌ر زه‌رده‌ په‌ڕبێ. بووم و سی‌پێچكه‌ و كۆڵه‌ پشتێه‌كه‌ت هه‌ڵده‌گری، ده‌ڵێی به‌قه‌بری بابی مشته‌ری. تا ئه‌و به‌ری مه‌یدانه‌كه‌ راده‌كه‌ی.
به‌ چه‌شنێك بیر له‌ قاوه‌یه‌كی جوانی ماد‌مازڵ‌ ده‌كه‌ی. ئه‌وه‌ زۆر‌یشی مشته‌ری نییه‌.
هوتێلی تازه‌ مۆدیان له‌ نزیك ئه‌وه‌وه‌ ساز‌كردووه‌.
نیگه‌رانی ئه‌وه‌م مێوانخانه‌كه‌ی بفرۆشێت و بگه‌رێته‌وه‌ مسكۆ.
له‌ فینجانه‌ قاوه‌كه‌م راما: «وا دیاره‌ موسافیر‌ێكت‌ هه‌یه‌.»
_ خۆ بابت نییه‌.؟
پێكه‌نی: «هاكا رۆژێك بیری كردی ویستی وه‌گه‌ریی...»
روانینی له‌سه‌ر فینجانه‌كه‌ گواسته‌وه‌: «ده‌بینم نامه‌یه‌كت هه‌یه‌.» _ ئه‌ویندارانه‌یه‌؟
_ ره‌نگبی _ نازانم...
زێر‌نۆكێ نوو‌سیبووی: «ئه‌وه‌ده‌م درێژه‌ ئاخری كاری خۆی‌كرد. مه‌ڵێ ده‌زانم چی‌كرد. هه‌رچی بڵێی وانییه‌. یانی ده‌مهه‌وی بڵێم دیقی به‌ فیلسوف كرد.
به‌ نوو‌كه‌ خوار و خێچه‌كه‌ی لێدا و چاوێكی ده‌ر‌هێنا. منیش زۆرم عه‌زیه‌ت كرد.
مه‌ڵێ ده‌زانم چت‌لێ كرد. بیرت بۆ هه‌رچییه‌ك بچی وانییه‌. خستمه‌‌نێو قه‌‌فه‌زێكی گه‌وره‌وه‌ بردم له‌و سه‌ری باغی به‌دارێكه‌وه‌ هه‌ڵمواسی. خێوه‌تێكی ره‌شی ئه‌ستوورم پێدادا. ئێتر قیره‌ی نایا. وا باشه‌ كاریشمان به‌ فیلسوف نه‌بێ له‌گه‌ڵ پوورم برد‌‌مانه‌ لای‌‌به‌یتاڵ؛ كار له‌ كار ترازابوو. تۆش گویت نه‌دایه‌و رۆیشتی. باشتر بڵێم خۆت لێ شارده‌وه‌ خودا حافیزیشت نه‌كرد. ماڵه‌كه‌تانیش نازانم. رۆژێك چوومه‌ به‌ردرگای قوتابخانه‌. زۆر ده‌ست‌و داوێنی چایچیه‌كه‌ بووم هه‌تا‌كوو ناونیشانی تۆی دامێ. خۆم گه‌یا‌نده‌ لای دایكت نێوانم له‌گه‌ڵ خۆش‌كرد. ده‌یگوت: «كوڕ‌ه‌كه‌م چووه‌ بۆ هه‌نده‌ران ده‌وره‌ی فڕۆكه‌وانی ته‌واو بكات. پێی‌وتم خوزیا بووكم ده‌بووی یا كچم. داوای لێ كردم دیسانیش سه‌ردانی بكه‌م.»
دایكم ده‌ینووسی:«بریا نامه‌یه‌كی بچووكت بۆ ناردبا.» دایكم نوسی: ئیترزێڕین هاموشۆ ناكا به‌ مێردیان‌داوه‌»
دایكم زێر نۆكیی له‌ نزیك مه‌یدانی وه‌نه‌ك دیبوو له‌ته‌ك پیاوێكدا له‌ ماشین‌دا به‌زیبوون بانگی كرد زێرین خۆی لێ نه‌ناسیاو كرد‌بوو. ره‌نگبی نه‌ی‌‌ناسیبێته‌وه‌.
« له‌ لای دوكتوره‌وه‌ ده‌هاتمه‌وه‌. ماندوبووم. له‌وه‌ دابووم سواری تاكسی‌بم بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ماڵێ. له‌ لاق‌و قول كه‌وتووم. لاقه‌كانم بوونه‌ ته‌خه‌ریته‌.



درباره وبلاگ
سلام دوست عزیز به وبلاگ خودتون خوش امدید . تو این وبلاگ هر چی بخواهید پیدا میشه . فقط خوب بگردید.
Iranbloglist.comوبلاگ برتر را انتخاب کنید.
موضوعات
آخرین مطالب
نظر سنجی
دوست عزیز نظرت راجب وبلاگ چیه




نویسندگان
آرشیو مطالب
پیوند ها
پیوندهای روزانه

 

گالری عکس
آمار سایت
بازدیدهای امروز : نفر
بازدیدهای دیروز : نفر
كل بازدیدها : نفر
بازدید این ماه : نفر
كل مطالب : عدد
آخرین بازدید :
آخرین بروز رسانی :



تمام حقوق این وبلاگ و مطالب آن متعلق به صاحب آن می باشد.

قالب وبلاگ

پیامک عاشقانه

شبکه اجتماعی فارسی کلوب | Buy Mobile Traffic | سایت سوالات